شاعیر: ئاوات کتێب: شاری دڵ سەرناو: چوارینەکانی ٢٢ تا ٢٦ (کۆمەڵایەتی/ سیاسی/ شەخسی) لەبارەی شیعر: (بەشێک لە لاپەڕە ٢١١ تا ٢١٧ ی چاپی ئەنیسی و ٣٤٥ و ٣٥١ ی چاپی جەعفەر) ٢٢ بولبول! وەره با پێکەوه بگرین تک‌تک با هەردوو بسووڕێینەوه بۆ گوڵ لک‌‌لک تۆ دەگری که خونچه بۆچی بۆت پێ نەکەنی، من بۆ گەله فرمێسکێ دەڕێژم چک‌چک [١] ٢٣ ئەمشەو وەرەلام گوڵم، جحێڵم کەرەوە [٢] هەرچی خەم و تاڵییە لەبیرم بەرەوە زانیومە بەشم ئاخری هەر دار و پەتە لەم خوارەوە جێم نییە، دەڕۆم بۆ سەرەوە [٣] ٢٤ کەلاوەی مەینەت و دەردم ئەوا ڕووخا بە سەر دڵ‌دا دڵی مەینەتزەدەم وا کەوتووه جەرگی بە سەر چڵ‌دا به تەنیا چاو بوو وا بوو چاوەڕێی پرسیاری یاری بوو [٤] که برژۆڵ ڕێ بدا تا پێی نەچێ یارم به پێکوڵ‌دا ٢٥ یاخووا کوێر بم لەمەولا گەر بەخۆشی وەرکەوم! [٥] یا بە ڕۆژ ساتێ بە بێ یادی شەوانەت بسرەوم ڕۆژهەڵات هەڵدێم وەکوو دێوانە چونکا ڕۆژی من موددەتێکە ون بووە لێم، ئێستە مەمنوونی شەوم! [٦] ٢٦ ئەی چەرخی زەمانە هاتوچۆت ئەمنی کوشت [٧] بەردەرکی خەڵک، شەرم و شکۆ ئەمنی کوشت بەو مەینەتی ڕۆژگارە ماوم بە منەت ئەی مەرگ وەرە کە دووری تۆ ئەمنی کوشت! ١. چاپی جەعفەر: فرمێسکێ. لام وایە کاتێ چک چک بۆ فرمێسک دەگوترێ، دەبێ زیاتر لە یەک چکە بێت هەربۆیەش 'فرمێسکێ'ی چاپی جەعفەرم پێ باش نەبوو و 'فرمێسکی' چاپی ئەنیسیم نووسی. ٢. چاپی جەعفەر: ئەوشۆ وەرەلام. ٣. چاپی ئەنیسی: جێم نیە ٤. چاپی جەعفەر: وا چاوەرڕێی... چاپی ئەنیسی: وا بو چاوەڕێی... ٥. چاپی ئەنیسی: یاخودا؛ چاپی جەعفەر: یا خوا ٦. چاپی ئەنیسی: مەمنونی ٧. لە هەردوو چاپەکەدا هاتووە: 'هاتوچۆ ئەمنی کوشت' بەڵام من لە سەر ئەو باوەڕەم شاعیر سکاڵا لە هاتوچۆی خۆی ناکات! ئەو لە گوزەری زەمان و سووڕانی چەرخ بەلای چەپدا گلەییەتی و ئاواتی کۆتایی هاتن بەو سووڕی ئەوچەرخە دەکات و لەدرێژەدا ئاوات دەخوازێ مەرگی دوورەدەست لێی نزیک بێتەوە و لەژیان ڕزگاری بکات.